کەنەدا؛ سیمینارێک لەبارەى ئێزدییەکانەوە

May 29, 2017

لەلایەن لقى ترایستى رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى ( ئەمنستى) و لەکتێبخانەى کویکێتلام سیمینارێک لەبارەى مێژووى ئێزدییەکان و دوا قۆناغى جینۆسایدکردنى کوردى ئێزیدى لەلایەن رێکخراوى دەوڵەتى ئیسلامى ( داعش) بەڕێوەچوو.

لەسیمینارەکەدا ژمارەیەکى بەرچاو لەهاوڵاتیانى کەنەدى و رەوەندى کوردى لەڤانکوڤەرو کویکیتلام و بیرنابى و به‌شێک له‌ بەرێوبەران و کارمەندانی ناوەند و رێکخراوەکانى موزاییک و ساکسس ئامادەیبون. دواى وتارى رێکخراوى ئەمنستى لەبارەى ئێزیدییەکان و ئەو ستەممەى لەمێژوودا روبەڕوى بونەتەوە، لەریگەى داتا شۆوە ژمارەیەک بابەتى دۆکۆمێنتارى سەبارەت بەدوا قۆناغى جینۆساید لەلایەنداعشەوە بۆ ئامادەبوان نمایشکرا. پاشان عیسمەت سیمۆ شارەزاى مێژووى ئێزیدییەکان و داکۆکیکارى لەدۆسێیەکە بابەتێکى وردى لەبارەى میژووى کوردى ئێزیدى و بیروباوەڕو ژیاندۆستى و تایبەتمەندى و خەسڵەتەکانى کۆمینیتى ئێزدى پێشکەشکرد. بەگوێرەى ئەو لێکۆڵینەوەى عیسمەت سیمۆ پێشکەشى کرد لەماوەى رابردودا 74 جار ئێزیدییەکان روبەڕووى لەناوبردن و جینۆساید بونەتەوە،کەدواهەمینیان لەسەردەستى داعش بوو.

لەکۆتایى سیمینارەکەدا ئامادەبوان پرسیاریان لەبارەى ئیزیدییەکان و هاوکارییەکانى حکومەتى کەنەداوە کردو لەلایەن عیسمەت سیمۆ وەڵامدرانەوە.
بەگوێرەى زانیارییە نارەسمییەکانى بەردەستى KURDtv حکومەتى کەنەدا تا کۆتایی ئه‌مساڵ ١٢٠٠ خێزانى ئێزیدی دێنێته‌ کەنەدا و تائێستا ٤٠٠ بنه‌ماڵه‌ له‌کەنەدا نیشته‌جێکراون.


ئەم بابەتە 242 جار بینراوە.