مەریەمى هەڵەبجە بۆجارى دووەم وندەبێتەوە

Jun 15, 2017

دۆزینەوە و گەڕانەوەى ئەو منداڵانەى کە لەکاتى تاوانى هەڵەبجەدا لەکەس و کاریان وون بوون هەریەکەیان چیرۆکى تراژیدییە، مەگەر فیلم سازەکانى هۆڵیۆد بتوانن چەندین شاکارى ناوازەى لێ بەرهەم بهێنن.

 کەیسێکى تاقەت پڕوکێن

کەیسى ( مریەم باروتچیان )کە دەکاتە (هاوناز ئەحمەد)ى ئێستا،یەکێکە لەو دەیان کەیسانەى کە حکومەت و شەقامى کوردى بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و ترس و گومانێکى زۆریشى خستۆتە بەردەم تەواوى ئەو منداڵانەى کەماوەیەکى زۆرە هانایان بۆ حکومەت و رێکخراوە مرۆڤ دۆستەکان بردوە تا لەرێگەى پشکنینى (DNA)یەوە بگەنەوە بە ئامێزى گەرمى کەس و کاریان.

(مریەم باروتچیان) کە لە تەمەنى دووساڵ ونیوى دا لەکاتى تاوانى هەڵەبجەدا وەک دەیان منداڵى ترى شارەکەى لەکەس و کارى وون دەبێت و لەلایەن هێزەکانى سوپاى پاسدارانى ئێرانەوە دەگەیەنرێتە تاران و لەوێ بۆماوەیەک لەخانەى بێ سەرپەرشتان بەخێو دەکرێت ،دواتر خێزانێکى ئێرانى بەخێوکردن و پەرەوەدەکردنى لەئەستۆ دەگرن ، مریەم بێ ئاگا لەوەى کە ئەو منداڵێکى وون بووى هەڵەبجەیە ژیانى ئاسایى خۆى لەنێو ئامێزى ئەم خێزانە فار س زوبانەدا بەسەردەبات. بێ ئەوەى رۆژێک هەست بکات کە ئەو رەگەزى ئێرانى نیەو خەڵى هەڵەبجەیە.

دواى (20)ساڵ مریەم بەدواى شوناسى خۆیدا دەگەڕێت
ئەم ژیانە ئاسایی یەى مریەم تاکۆتایى بەو شێوەیە بەردەوام نابێت و دواى تێپەڕبوونى (20) ساڵ بەسەر وون بوونیدا ئیدى مریم کە وەک هاوناز ناسێنرا هێدى هێدى لەوە تێ دەگات کە ئەو منداڵێکى وون بووى هەڵەبجەیەو لە(16|3|1988) لەکەس و کارەکەى وون بووە.

لەوساتە بەدواوە هەم و غەمى مریەم گەڕان دەبێت بەدواى شوناسى خۆیدا و لەهەوڵ و سۆراخ کردن دا دەبێت ،بۆئەوەى هەرچۆنێک بیت بتوانێت خێزانى راستەقینەى خۆى بدۆزێتەوە.

لە مانگى ئایارى (2015) دا بەهەرهۆیەک بێت مریەم ملى رێگا دەگرێت و بەرەو کوردستان و زێدى خۆى کە هەلەبجەیە دەکەوێتە رێ تا بتوانێت بگاتەوە بە ئەو خزم و کەس و کارەى کە لەکاتى کارەساتەکەدا لەیەک دابڕاوان.

دواى دۆزینەوەى جارێکى تر(DNA)مریەم وون دەکاتەوە

چیرۆکە تراژیدى و ناخ هەژێنەکەى مریەم لەدواى وون بوونى یەوە دەستپێناکات بەڵکو دواى دۆزینەوە و پشکنینى (DNA)ییشەوە قۆناغێکى دیکەى ئازار دەستپێدەکات،بەتایبەت دواى ئەوەى لەلایەن سەنتەرێکى پشکنینى (DNA)یەوە کەسوکارى خۆى بۆ دەدۆزریتەوە و بەدایکى شاد دەکرێتەوە.

ئیدى دواى ئەم دۆزینەوەیە ژیانى مریەم بەتەواوى گۆڕانى بەسەدا دێت و ئەو ناسۆرى و چیرۆکە تراژیدیایانەى کە لە ماوەى 27ساڵى وون بوونیدا بەسەرى هاتووە لەبیر دەکات و ژیانێکى نوێ دەست پێ دەکات ،بەڵام ئەم دڵخۆشى و شادیەى مریەم تەمەنى زۆر نابێت و زۆر بەزوویى کۆتایى پێ دێت و جارێکى تر چیرۆکى ناخ هەژێنى تر لەژیانیدا دەست پێ دەکات،کە ئازارو مەینەتیەکانى زۆر لەوون بوونەکەى زیاترە،چونکە هەر بەزووى ئەوەى پێ رادەگەیەنرێت کە ئەو پشکنینە بەهەڵە ئەنجامەکەى ڕاگەیەنراوە و کچى ئەو خێزانە نیە کە ئەو ئێستا بەدایکى شەرعى و یاساى خۆیى دەزانێت.

دواى گەرانەوەى و مانەوەى بۆماوەى دوومانگ لەماڵى کەسێک بەناوى لوقمان عەبدولقار کە هاوکات سەرۆکى کۆمەڵەى قوربانیانى هەڵەبجەیە و کارى رێکخراوەکەیان داکۆکى کردن وپارێزگارى کردنە لەماف و داواکارى تەواوى ئەو خێزانانەى کە لەکاتى کارەساتەکەدا کەس و کاریان شەهیدبوون یاخود برینداربوون و وون بوون.


سیاسەتیش دێتە ناو کەیسەکە

ئەم لوقمان ناوە لەگەڵ پەریخان محمەد کە بەرێوەبەرى گشتى وەزارەتى کاروبارى شەهیدانە هەرزوو دەزانن کە ئەم پشکنیە هەڵەیەو مریەم کە دەکاتە (هاوناز) ساڵى (1988) بەبریندارى لەیەکێک لەنەخۆشخانەکانى (تاران) دا گیان لەدەست دەدات و لە گۆرێکى بەهەشتى زەهراى تاران دا کە دەیان شەهیدى ترى هەڵەبجە تێدایە بەخاک دەسپیررێت.

بەڵام دکتۆر فەرهاد قادر کە سەرۆکى سەنتەرى شیکردنەوەى (DNA)یەجەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەنجامى پشکنینەکە تەواوە و هیچ گومانێک هەڵناگرێت.

بۆیە رۆژێک دیارى دەکەن بۆ ئیعلان کردن و راگەیاندنى ئەنجامى پشکنیەنەکە ،بەڵام لەو کاتەدا کەناڵى کوردسات سپۆنسەرى مەڕاسیمەکە لەئەستۆ دەگرێت ،بۆیە ڕێگا بە هیچ کەناڵیکى ترى راگەیاندن نادرێت روماڵى راستەوخۆى مەراسیمەکە بکەن ئەمەش دەبیتە کێشە ،بۆیە (عەبدوڵا نەورۆڵى)کە ئەوکات لەسەر پشکى بزوتنەوەى گۆڕان پارێزگارى هەڵەبجەبوو ڕیگرى لە بەرێوەچونى ئەو رێ و رەسمە دەکات، تا کار دەگاتە ئەوەى ( هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) پەیوەندى بە (نەوشیروان مستەفا)ى رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان دەکات کە داوا لە پارێزگارى هەڵەبجە بکات مۆڵەتى یاسایى بۆ بەڕێوەچونى ئەو رێورەسمە بدات ، هەربۆیە بۆ ئەو مەبەستە دووجار (نەوشیروان مستەفا) پەیوەندى تەلەفۆنى لەگەڵ پارێزگارى هەڵەبجەدا ئەنجام دەدات، بۆیە پارێزگارى هەڵەبجەش مۆڵەتەکە دەدات.

ئەم کيشەیەى کە ریگە نەدەدرا بە میدیاکانى تر روماڵى راستەوخۆى بکەن باشترین بیانوو دەبێت بۆ راگرتنى راگەیاندنى ئەنجامى پشکنینەکە.

سەرۆکى کۆمەڵەى قوربانیان دەڵێت " هەوڵى زۆرمان دا کە رانەگەیەنرێت ،بەڵام بێ سوود بوو".

هەربۆیە دواى راگەیاندنى ئەنجامەکە ئازارى ویژدان ناوبراو ناچار دەکات کە چیرۆکە راستەقینەکە بۆ پارێزگارى هەڵەبجە و جێگرەکەى ڕون بکاتەوە و تێیان بگەیەنێت لەساڵى( 1988 ) هاوناز لە تاران گیانى لەدەست داوە و مریەم کەوەک هاوناز ناسێنرا کچى ئەو خێزانە نیە کە هەفتەى رابردوودا پێى شاد بوویەوە.
ناسنامەو رەگەزنامە لەمریەم وەردەگیرێتەوە

هەرچەندە ناسنامەى بارى شارستانى و رەگەزنامەى لەسەر ئەو خێزانە بۆ دەردەکرێت کە پێى شادبوویەوە، بەڵام دواى ئەوەى دەردەکەوێت مریەم کچى ئەو خێزانە نیە،بۆیە بریارە دادگا ناسنامە و رەگەزنامەکە لەمریەم بسەنێتەوە و جاریکى تر پشکنینى (DNA)بۆ بکرێتەوە،ئەمەش غەمێکى ترە کە بەرۆکى هاوناز دەگرێتەوە.

بەگوێرەى نوسراوێکى خانەى بێ سەرپەرشتانى ئێران ئەوە تەئکید کراوەتەوە کە مریەم باروتچیان یەکێکە لە منداڵە ونبوەکانى هەڵەبجە، بەڵام تائێستا نازانرێت منداڵى کام خێزانە،ئێستاش کە خوێندکارى زانکۆیە لەهەولێر وەرگرتنەوەى ناسنامەکە کێشەى یاسایى بۆ خوێندنەکەى دروست دەکات ، بۆئەم مەبەستەش وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێم لەم دۆسیەیە ئاگادار کراوەتەوە و ئەوانیش بەڵینى چارەسەرى پێویست و رەچاوکردنى بارودۆخى هاونازیان داوە .

بەپێى دواین ئاماریش کە دەست کورد تیڤى کەوتووە تائێستا (73)خێزان سکالایان تۆمار کردووە لەسەر وون بوونى (179)منداڵ ،لەئێستاشدا (9) منداڵ بانگەشەى هەڵەبجەیى بوونى خۆیان دەکەن و داواى دۆزینەوەى کەس و کاریان دەکەن، بۆئەمەش چاوەرێى پشکنینى (DNA)دەکەن.

ئەوانە دەدرێنە دادگا کە ئەنجامەکان بەهەڵە رادەگەیەنن

کورد تیڤى بەدواى ئەوەدا چوو کارى زۆریشى لەسەر ئەوە کرد هۆکار چیە ئەم ئەنجامى ئەم پشکنینە بەهەڵە رادەگەیەنرێت نەگەیشت بەهۆکارى تەواوى دۆسیەکە،بەڵام سەرۆکى کۆمەڵەى قوربانیان بەبێ ئەوەى هۆکارى تر ئاشکرا بکات تەنها وتى" لەنەشارەزایى یەوەیە لەکارەکەدا"

بۆیە لەئێستادا ژمارەیەک رێکخراوى (NGO)ى هەڵەبجەش سەرقاڵى بەدادگایى گەیاندنى ئەو کەس و لایەنانەن کە دەستیان هەیە لە گۆرینى ئەنجامى پشکنینەکان و بەهەڵە راگەیاندنیان.

کورد تیڤى – زانا ئەحمەد


ئەم بابەتە 155 جار بینراوە.