عه‌ممار حه‌كیم جیا ده‌بێته‌وه‌ له‌ مه‌جلیس!

Jul 23, 2017

ياسين ته‌ها

ململانێی نه‌وه‌ی نوێ و نه‌وه‌ی كۆن و هه‌ژمونی ئێران مه‌جلیسی ئه‌علای شیعه‌ی خستۆته‌ به‌رده‌م دووڕێیانێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ و دووه‌م ئینشیقاق له‌ مێژووی نزیكی حیزب. به‌ڵام جیاواز له‌جیابونه‌وه‌ی پێشوو ئه‌مجاره‌ بڕیاره‌ عه‌ممار حه‌كیم خۆی له‌ حیزب بچێته‌ ده‌ره‌و ئه‌مانه‌ته‌كه‌ ڕاده‌ستی خاوه‌نی بنه‌ڕه‌تی خۆی بكاته‌وه‌ كه‌ ئێرانه‌، له‌ بری مه‌جلیسیش حیزبێكی نوێ ڕابگه‌یه‌نێت كه‌ زیاتر له‌ ئێستا هه‌ڵگری مۆركی خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی و گه‌نجه‌كانی ده‌وروبه‌ری بێت.

له‌م گۆڕانكارییه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌دا حه‌كیم له‌ جیاتی شوێنكه‌وتنی ڕاسته‌وخۆی وه‌لی فه‌قی ئێران بڕیاره‌ په‌یڕه‌وی له‌ مه‌رجه‌عیه‌تی نه‌جه‌ف بكات كه‌ لانكه‌ی موحسین حه‌كیمی باپیریه‌تی كه‌ تا ساڵی حه‌فتا رێبه‌ری باڵای شیعه‌ی عێراق و جیهان بوو به‌ هێزتر له‌ ئێستای سیستانی.
باس وخواستی ئه‌م پێشهاته‌ كتوپڕه‌ كه‌ له‌مڕۆوه‌ شه‌قامی عێراقی سه‌رقاڵكردوه‌ به‌ مانای ئه‌وه‌ نایه‌ت كه‌ عه‌مار چیتر له‌ سایه‌و سێبه‌ری ئێران دێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی تاران وه‌ك جاری پێشو به‌ جیاكردنه‌وه‌ی رێكخراوی به‌در چرنوكی لێ بگرن كاتێك كه‌ به‌ ڵێی بۆ مالیكی نه‌كرد، ئه‌مجار خۆی ده‌ستپێشخه‌ر ده‌بێت و ئه‌مانه‌ته‌كه‌یان ڕاده‌ست ده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌نه‌ی ده‌كرێت ده‌ستكراوه‌ بێت و جه‌لاله‌دین سه‌غیر و باقر جه‌بر و وه‌فدێكی هاوڕێیان كه‌ ئێستا بۆ شكاتكردن له‌ حه‌كیم له‌ قوم و له‌ تارانن ئه‌ركی جێبه‌جێكردنی راسته‌وخۆی خواسته‌كانی ئێران جێبه‌جێ بكه‌ن.


ئەم بابەتە 162 جار بینراوە.