عێراق: ئاهەنگگێڕان بۆ ئازادی موسڵ ودروستکردنی لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ پێشێلکارییەکان

Jul 15, 2017

سه‌رله‌به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ نمایشێكی‌ سه‌ربازی‌ له‌به‌غدا ده‌ستیپێكرد، به‌بۆنه‌ی‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی‌ شاری‌ موسڵ له‌ده‌ست داعش، هاوکات حکومەتی عێراق فەرمانی دەرکردووە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە سەبارەت بەو پێشێلکارییانەی ھێزە ئەمنییەکان لە موسڵ ئەنجامیاند

نوسینگه‌ی‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، نمایشه‌ سه‌ربازییه‌كه‌، به‌ئاماده‌بوونی‌ عه‌بادی‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

له‌نمایشه‌ سه‌ربازییه‌كه‌دا، سه‌رجه‌م پێكهاته‌ سه‌ربازیی و ئه‌منییه‌كانی‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ به‌رگری‌ و ناوخۆو ده‌سته‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ به‌شدارن.

10ی‌ ئه‌م مانگه‌، حه‌یده‌ر عه‌بادی‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق و فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان، له‌ موسڵ-ه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی‌ ته‌واوی‌ شاره‌كه‌ی‌ له‌ده‌ستی‌ داعش راگه‌یاند، پاش هه‌ست مانگ له‌شه‌ڕو پێكدادانی‌ سه‌خت.

به‌هۆی‌ شه‌ڕه‌وه‌ 900 هه‌زار كه‌س هه‌ڵهاتوون، كه‌ نزیكه‌ی‌ سێ یه‌كیان له‌كامپه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ شاره‌كه‌ نیشته‌جێكراون و ئه‌وانه‌ی‌ دیكه‌ چوونه‌ته‌ ماڵی‌ كه‌سه‌ نزیك و هاوڕێكانیان له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ دیكه‌.

لەلایەکی ترەوە حکومەتی عێراق فەرمانی دەرکردووە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە سەبارەت بەو پێشێلکارییانەی ھێزە ئەمنییەکان لە موسڵ ئەنجامیانداوە.

سەعد مەعن وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا لەوەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، ھەندێک رەفتاری دزێو لەلایەن ژمارەیەک سەربازەوە ئەنجامدراون و لەئێستادا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی ھەر کەسێک پێشێلکاریی ئەنجامدابێت لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت، ھاوکات یەحیا رەسوڵ وتەبێژی ھێزە ھاوبەشەکان ھۆشدارییدا بەرامبەر بەھەر تۆمارێکی ڤیدیۆیی کە بۆ بەلارێدابردنی سەرکەوتنی ھێزەکانی سوپا دروست کرابێت.

لەدوای ئەوەی رێکخراوی ھیومن رایتس ۆچ چەند زانیارییەکی بڵاو کردەوە لەبارەی ئەو پێشێلکارییانەی لەموسڵدا ئەنجامدراون و دوای لە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران کرد بۆئەوەی لەوبارەیەوە لێکۆڵینەوە بکات، لیژنەی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە پێکھێنرا.


ئەم بابەتە 179 جار بینراوە.