گۆڕان لەنێوان مافی خەڵک و نەبوونی دەسەڵاتی خۆى

دەشتی عەبدوڵڵا
Jul 14, 2017

ئەوەی کە ئێستا لە زۆنی سەوز دەگوزەرێت و گۆڕان گەوزەگەوزی ئەوەیتی کە چۆن زیاتر و زووتر عاتیفەی خەڵکی زۆنی سەوز بجوڵێنێت و ڕقێکی ئەستور دوست بکات بەرامبەر هێزەسیاسیەکانیی تریی کوردستان، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی کە وەکو بانگەشەیەکی پێش وەختە بۆ زیندوو هێشتنەوەی بزوتنەوەکەیان لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەڕلەمانی کوردستان، بێ ئاگا لەوەی کە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان تا چەند ساڵێکی تر بەهەر پاساو و بیانوێک بێت ئەگەری دواخستنی هەیە.

ئێستا گۆڕان بەخراپترین بارودۆخی خۆیدا تێدەپەڕێت، لەلایەک لەگەڵ یەکێتی دانیشتن دەکات بەیان نامەی هاوبەش بڵاودەکاتەوە، لە لایەکی تریشەوە کەوتیتە گیان و باڵی یەکێتی، لەکاتێکدا ئەم جۆرە سیاسەتە هاوشێوەی هەمان ئەم سیاسەتەیە کە یەکێتی پەیڕەوی دەکات، سەبارەت بە بابەتی پشتگیریی کردنی ڕیفراندۆمو پشتگیری نەکردنی، کە بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەم شێوازی سیاسەتە لۆمەی یەکێتی دەکات و بە حیزبێکی بێ مەوقیف و بێ بەرنامەی باس دەکات.!

ئەم جۆرە جیاوازیە لەسیاسەتی یەکێتی دەکرێت لەبەر جەماوەر و لایەنگرانی بێت و بیەوێت هاوسەنگیەک ڕابگرێت، بەڵام ئەم جیاوازیە لە سیاسەت و گوتاری گۆڕاندا دەلالەتە بۆ ئەوەی کە گۆڕان توشی هێستریایی بێ دەسەڵاتی هاتوە.

لەولاشەوە پارتی دووەم جارە بێ گودانە هەڵوێست و ناڕەزایی گۆڕان کۆبونەوەی ئەنجومەنی ڕیفراندۆم بەڕێوەدەبات و هەمان ئەم ئەنجومەنەی کە تەشکیل کراوە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەستیان بە سەفەرێکی دیبلۆماسی کردوە بۆ وڵاتانی  ئەوروپی و عەرەبی، ئەوەش بوویتە هۆکارێکی بەهێز بۆئەوەی کە بزوتنەوەی گۆڕان زیاتر توشی هەڵچون بکات و بەشێک لەکادیرەکانیان لە ڕەگەیاندنەکان و تۆڕی کۆمەڵایەتیەکان هەرچی لەهەست و فکریاندا بێت دەیڵێن و بەکاری دەهێنن و خۆیانی لێناپارێزن، ئەوەش بەهەموو پێوەرەکانی زانستی دەرونزانی ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دووچاری فۆبیایی یەکێتی پارتی بوویتن و بەم ڕێگایانەوە خۆیان بەتاڵ دەکەنەوە.

هەڵبەت لەپاڵ ئەمەشدا زۆرێک لە، ئەم بۆڵەو هاتو هاوارەی گۆڕان دەیکات جەماوەرەکەی خۆیی و بەشێکی یەکێتیەکانی پێ خرۆشاندوە، لە ئەنجامی ئەوەیە کە لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو لەسلێمانی براوەبوو، بەڵام بەمانای دەسەڵات، دەسەڵاتی یەک بەڕێوبەری ناحیشەی پێنەدرا کە تەعبیر لەدەسەڵاتێکی ڕاستەقینە بکات، پارێزگاری سلێمانیش نمونەکەیەتی، ئەگەر دەسەڵاتیشی هەبێت، ئەوە ئاوی گەڕەکێکی سلێمانیشی پێ دابین ناکرێت نوونەی زیندوش بوونی هەیە، ئەم بارو دۆخەش گۆڕان خودی خۆیان بەرپرسن لەوەی کە ئاوایان لێبکرێت و ئاوا بێدەسەڵات بکرێن، چونکە بزووتنەوەی گۆڕان دوای دەرکردنیان لەهەولێر لە پەڕلەمان و حکومەت، دوورکەوتیتنەوە لەو بەرنامەو سیستمەیی کە دەیان ویست کاری لەسەر بکەن و بیکەنە ژێرخانێکی سەرەتایی بۆ هەرێمی کوردستان، لەجێگای ئەوە لەکاروبارو سیاسەتەکانیاندا کاریان لەسەر زیاد بوونی ڕق و جوڵاندنی هەستی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرد.

بۆیە ئێستا لە زۆنی سەوز گۆڕان هەمیشە شەڕی ئەوەدەکات، کە چۆن سلێمانی لەبن دەستی یەکێتی دەربهێنێت، کە لای هەموومان بەڕونی دیاره، دەمێک داوای کشانەوەی یەکێتی لەحکومەت و هەڵوێست وەرگرتنی دەکرد لەیەکێتی، جارێکی تر لەڕێگەی ڕۆژنامە نوسانیانەوە بیرۆکەو پێشنیاری بەهەرێم کردنی سلێمانیان دەکرد، هەموو ئەوانە خروشتی بێدەسەڵاتی گۆڕانە لە هەرێمی کوردستان و زۆرنی سەوز.

جا بۆیە گرنگە بۆ هەندێک لەو هەرزەسیاسیانەی ناو یەکێتی کە حەزدەکەن ببنە دەروێش و شوێن کەوتەی گۆڕان ئەوە بزانن و درک بەوە بکەن، کە هێندەی گۆڕان مەترسیە بۆسەر دەسەڵات و پێگەی یەکێتی، پارتی ئەوەندەمەترسیەیی نیە.؟

لەبەر ئەوەی لەلای هەموومان ڕونە، پارتی زۆنی خۆی هەیەو حکومی خۆی تێدادەکات، بەم شێوازەی خۆی دەیەوێت و پێی ڕاستە، بەڵام ئەوە گۆڕانە توشی هیستریا بووە کە لە زۆنی سەوز زۆرینەی دەنگەکان هی ئەو بووەو دەسەڵاتیشی نیە، دەمێک بۆ بەغداد دەڕوات دەمێک عاتیفەی شەقام دەجوڵێنێت و ڕقی شەقام زیاد دەکات، هەموو ئەمانە لە ئەنجامی نەبوونی دەسەڵاتیانە، بەڵام ئەم خەڵکە چۆن لەم واقیعە تێدەگەیێندرێت ئەوە قورسترین پڕۆسەیە.

 

 


ئەم بابەتە 131 جار بینراوە.