لەڤیستیڤاڵێکی نێونەتەوەیدا فیلمێکی کوردی خەڵات دەکرێت

Jul 13, 2017

فیلمێکى ئەنیمەیشنى کوردى بەناوى (بێدەنگى ئاسمان) لەدەرهێنانى جوبرائیل ئەبوبەکر لەفێستیڤاڵێکى نێونەتەوەیى عێراقدا خەڵات کرا.

دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەکر لەبارەى خەڵاتەکەوە رایگەیاند "فیلمەکەم (بێدەنگى ئاسمان) لەخولى چوارەمى فێستیڤاڵى نێونەتەوەیى سینەمایى زانکۆى بابل خەڵاتى باشترین سیناریۆى پێبەخشرا".

 فیلمەکە نوێترین بەرهەمى سینەمایى دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەکرە و بەسپۆنسەرى عەباس فازڵ عەبدولرەحمان خاوەنى زانکۆى نۆلج بەرهەمهێنراوە و لەئێستادا فیلمەکە لەچەندین فێستیڤاڵى سینەمایى نێونەتەوەیى وەرگیراوە و بەشدارى لەپێشبڕکێ و بردنەوەى خەڵاتدا دەکاتء بەر لەم خەڵاتەش لەخولى 2017ى فێستیڤاڵى سینەمایى باشورى جۆرجیا کەلەوڵاتى کەنەدا ئەنجام دەدرێت خەڵاتى برۆنزى لەبەشى فیلمە ئەنیمەیشنەکان پێبەخشرا".

(بێدەنگى ئاسمان) کورتە فیلمێکى ئەنیمەیشنەء لەبارەى خەونەکانى مرۆڤە بۆ ئازادىء لەبارەى چیرۆکى فیلمەکەشەوە جبرائیل ئەبوبەکر دەڵێت "فیلمەکە باس لەخەونى مرۆڤ دەکات بۆ ئازادى، بەوپێیەى کە هیچ کەسێک ناتوانێت رێگا لەئازادى بگرێتء بەربەستى بۆ دروست بکات".

وتیشى "ماوەى فیلمەکە 100 چرکەیە و بەرهەمى ساڵى 2017-یە".

جوبرائیل ئەبوبەکر رەحمان لەدایکبوى ساڵى 1983ى شارى هەولێرە، لەساڵى 2001ەوە دەستیداوەتە کارى سینەمایى و لەنزیکەى 40 کورتە فیلمدا یاریدەدەرى وێنەگر بوە و لە 13 فیلمى سینەمایى درێژیشدا یاریدەدەرى وێنەگر بوە و لەساڵى 2010ەوە کارى دەرهێنانى سینەمایى دەکات و هەتا ئێستا چوار کورتە فیلمى بەرهەمهێناوە و نزیکەى 20 خەڵاتى نێوخۆیى و جیهانیشى بەدەستهێناوە.


ئەم بابەتە 165 جار بینراوە.