هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان پاش داعشیش له‌ عێراق ناکشێنه‌وه‌

Jul 13, 2017

ژه‌نڕاڵ ستیڤان تاونسند، فه‌رمانده‌ی هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق، له‌ ڤیدیۆ کۆنفرانسێکدا رایگه‌یاند، پاش ئازادکردنی موسڵ ژماره‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌کانی له‌ عێراق که‌م نه‌کراوه‌ته‌وه‌ و ته‌ئکیدیشی کرده‌وه‌ که‌ ئه‌گه‌رچی گرتنه‌وه‌ی موسڵ سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وه‌ره‌یه‌، به‌ڵام هێشتا چه‌ند ناوچه‌یه‌کی گرنگی نه‌ینه‌وا وه‌کو ته‌له‌عفه‌رو خۆرئاوای ئه‌نبار له‌ ژێر کۆنترۆڵی داعشدایه، بۆیه‌ هێشتا کاتێکی زۆر ماوه‌ بۆ کۆتایی ئه‌و جه‌نگه‌و جه‌ختیشی کرده‌وه،‌ ‌ پاش پاکسازی کردنی ته‌واوه‌تی داعشیش له‌ عێراق هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق ناکشێنه‌وه‌، چونکه‌ هه‌م ئه‌مریکا و هه‌م حکومه‌تی عێراق خوازیاری مانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ن. فه‌رمانده‌که‌ی هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو که‌ بۆ رێگرتن له‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی که‌ پاش کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ساڵی 2011 له‌ عێراق روویدا، پێویسته‌ هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ عێراق بمێننه‌وه‌.

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به‌ ریفراندۆمه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان ئه‌و فه‌مانده‌ سه‌ربازییه‌ی ئه‌مریکا رایگه‌یاند، هێشتا له‌ نێوان گروپ و لایه‌نه‌ جۆراوجۆره‌کانی عێراقدا کێشه‌و ناکۆکی زۆر هه‌یه‌ و ئه‌نجامدانی ئه‌و ریفراندۆمه‌ش کێشه‌ییه‌کی دیکه‌ ده‌خاته‌ سه‌ر کێشه‌ بێ چاره‌سه‌ره‌کانی عێراق و کاریگه‌ری نیگه‌تیڤی ده‌بێت له‌ سه‌ر شه‌ڕی دژی داعش


ئەم بابەتە 104 جار بینراوە.