لەهەرێمى کوردستان11 کەس بەنهێنى لەسێدارە دەدرێن

Jul 22, 2017

تایبه‌ت

به‌بریارى مه‌سعود بارزانى 11 تاوانبارى دانیشتوى بادینان به‌ نهێنى بریارى له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێکراوه‌، بریاریشه‌ 58 تاوانبارى تر که‌ له‌لایه‌ن دادگاکانه‌وه‌ بریارى له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌رکراوه‌ سزاکاکانیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ بکرێت لەناویاندا تاوانبارانى دۆسێى فەرەیدون جوانڕۆیى، ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدایه‌ جێبه‌جێکردنى سزاى له‌سێداره‌دان له‌هه‌رێم راگیراوه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌کى ئاگادار که‌داوایکرد ناوى بڵاونه‌کرێته‌وه‌، به‌KURDtvى راگه‌یاند"ئه‌و 11 تاوانباره‌ى به‌ ئیمزاى بارزانى سزاى له‌سێداره‌دانیان به‌نهێنى به‌سه‌ردا جێبه‌جێکرا جۆره‌ها تاوانباریان تێدا بووه‌."

وتیشى"هه‌ر له‌ تاوانبارى دۆسیه‌ى ژنانیان تێدا بووه‌ تا ده‌گاته‌ تاوانبارى ماده‌ى هۆشبه‌ر ، هه‌روه‌ها ئه‌و تاوانباره‌شى تێدا بوو که‌ ده‌ستدرێژى کردبووه‌ سه‌ر مناڵێک له‌دهۆک."
دواى جێبه‌جێکردنى سزاى له‌ سێداره‌دان به‌سه‌ر ئه‌و 11 که‌سه‌دا، بریاره‌ به‌ئیمزاى بارزانى 58 که‌سى تر که‌ بریارى له‌سێداره‌دانیان هه‌یه‌ سزاکانیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ بکرێت.
سه‌رچاوه‌که‌ى KURDtvى وتى"له‌نێو ئه‌و 58 تاوانباره‌دا ، 7 که‌سیان ئه‌وانه‌ن که‌ تاوانبارن به‌ کوشتنى فه‌ره‌یدون جوانرۆیى ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسى پارتى ، هه‌ندێکى تریان تاوانبارن به‌ ژن کوشتن و بازرگانى کردن به‌ماده‌ى هۆشبه‌ر."
جێبەجێکردنى سزاى لەسێدارەدان لەکاتێکدایە کەهەرێمى کوردستان لەچوارچێوەى نیشاندانى پابەندبونى بەبنەماکانى مافى مرۆڤەوە جێبەجێکردنى ئەو سزایەى راگرتوە.


ئەم بابەتە 1059 جار بینراوە.