تورکیا بارودۆخی نائاسایی بۆ ماوه‌ی 3 مانگی تر درێژ کرده‌وه‌

Jul 15, 2017

له‌ ساڵیادی کوده‌تا شکستخواردوه‌که‌ی ساڵی رابردودا، بن عه‌لی یه‌لدێرم، سه‌رۆک وه‌زیرانی تورکیا ئاشکرای کرد، باری نائاسایی بۆ ماوه‌ی سێ مانگی تر درێژ ده‌که‌نه‌وه‌.
بارودۆخی نائاسایی که‌ دوای کوده‌تاکه‌ی 15ی ته‌موزی ساڵی رابردو له‌ لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه‌ راگه‌یه‌ندرا، ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته‌ی ئاواڵه‌ کرد که‌ له‌ رێگای به‌کارهێنانی هێزه‌وه‌، به‌ بیانووی به‌شداریکردن له‌ کوده‌تای سه‌ربازیدا نه‌یارانی سیاسی خۆیان له‌ داموده‌زگا حکومییه‌کان پاکتاو بکه‌ن و له رێگای به‌کارهێنانی زه‌بروزه‌نگه‌وه‌ کۆڵه‌که‌کانی فه‌رمانڕه‌وایی خۆیان پته‌و بکه‌ن.
به‌ گوێره‌ی راپۆرتی ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌ڵمانیا له‌ ئێستادا لانیکه‌م 50 هه‌زار که‌س به‌ تۆمه‌تی به‌شداری له‌ کوده‌تا و پشتیوانی کردن له‌ فه‌تعوڵا گوله‌ن له‌ زینداندان، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ زۆربه‌ی سه‌رکرده‌کانی ئۆپۆزسیۆن که‌ به‌ ره‌سمی دژایه‌تی خۆیان له‌گه‌ڵ کوده‌تا سه‌ربازییه‌که‌ راگه‌یاندبوو، ئێستا له‌ زینداندان.
ئاژانسه‌که‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ که‌ حکومه‌تی تورکیا له‌ رێگای به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵاته‌کانی تایبه‌ت به‌ دۆخی نائاساییه‌وه‌، له‌ ماوه‌ی یه‌ک ساڵی رابردودا 142 هه‌زار که‌سی له‌ فه‌رمانگه‌ حکومییه‌کان و که‌رته‌ سه‌ربازییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌رکردوه‌.
هاوکات ئیداره‌ی په‌نابه‌رانی ئه‌ڵمانیا (BAMF) ئاشکرای کرد که‌ ته‌نها له‌ 6 مانگی سه‌ره‌تای ساڵی 2017دا زیاتر له‌ 3 هه‌زار هاوڵاتی تورکیا داوای مافی په‌نابه‌ریان کردوه‌، که‌ له‌ نێوانیاندا 209 دیپلۆمات و 205 کارمه‌ندی حکومه‌ت هه‌یه‌.
له‌ ماوه‌ی یه‌ک ساڵی رابردودا به‌ گشتی 5 هه‌زار و 742 هاوڵاتی تورکیا داوای مافی په‌نابه‌ریان له‌ ئه‌ڵمانیا کردوه‌ و له‌ رێژه‌یه‌ش 4 هه‌زار و 400 که‌سیان له‌ هاوڵاتیانی کوردی باکوری کوردستان پێکهاتوون، ئه‌وه‌ش له‌ کاتێکدایه‌ که‌ ساڵی 2015 ته‌نها هه‌زار و 767 که‌س داوای مافی په‌نابه‌ریان له‌ ئه‌ڵمانیا کردبوو.


ئەم بابەتە 109 جار بینراوە.