کۆمیسیۆن وادەی بانگەشەی ڕیفراندۆمی دیاریکرد

Sep 3, 2017

كۆمسیۆنى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسى هه‌رێم له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا , ماوه‌ى (17) ڕۆژى وه‌ك واده‌ى بانگه‌شه‌ بۆ ڕیفراندۆمى هه‌رێمى كوردستان دیاریكرد.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ى كۆمسیۆندا ئاماژه‌كراوه‌ به‌وه‌ى له‌(5/9/2017) یه‌كه‌م ڕۆژى ده‌ستپێكردنى بانگه‌شه‌ ده‌بێت به‌مه‌به‌ستى پڕوپاگه‌نده‌ى ڕیفراندۆمى هه‌رێمى كوردستان و له‌ كاتژمێر (12:00) شه‌وى (22/9/217) بانگه‌شه‌كه‌ ڕاده‌گیرێت, كه‌ ئه‌مه‌ش (45)كاتژمێر پێش ئه‌نجامدانى پڕۆسه‌كه‌یه‌ كه‌ بڕیاره‌ (25/ئه‌یلوولى /2017) ئه‌نجامبدرێت.

هەرلەو ڕاگەیەندراوەدا، کۆمیسیۆن هۆشداری بە هەر حیزب و لایەنێکی سیاسی و دەزگایەکی ڕاگەیاندن داوە، ئەگەر بێت و پابەند نەبن بە ئەو وادەیەی بۆ بانگەشەی ڕیفراندۆم دیاریکراوە، پێش وەخت بانگەشە دەست پێبکەن، ئەوا بە پێی پەیڕەو ڕێکارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم سزا دەدرێت.

دیاریكردنى واده‌ى بانگه‌شه‌ى ڕیفراندۆم له‌ كاتێكدایه‌ به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كودستان یه‌كلانه‌بوونه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ڕازیبوونیان به‌پرۆسه‌كه‌ له‌ كاتى ئێستادا , یاخود دابه‌شبوون له‌ نێوان سه‌ركردایه‌تى و كادره‌كانیاندا دروستبووه‌.

هاوكات بڕیاره‌ سبه‌ینێ (4ى ئه‌یلوول), ئه‌نجومه‌نى كۆمسیارانى هه‌رێمى كوردستان كۆببێته‌وه‌ و بڕیار له‌ واده‌ى تۆماركردنى ناوى لایه‌ن و قه‌واره‌ سیاسییه‌كان بدات, سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم و په‌ڕله‌مانى كوردستان له‌ (1/11/2017) , كه‌ پێشتر له‌ وه‌ڵامى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و په‌ڕله‌مانى كوردستان كۆمسیۆن ئاماده‌ى نیشاندابوو له‌كاتى خۆیدا هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌نجامبدات.


ئەم بابەتە 200 جار بینراوە.