سنوری عێراق لەبەردەم فڕۆکەکانی حەویجەدا

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
Jun 30, 2017

دوو ڕۆژە پرسی حەوت فڕۆکەی نەناسراو! کە لەنێوان کەرکوک و حەویجەدا نیشتوونەتەوە؛ ڕۆژەڤی گەرمی میدیاکانی باشوورەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕکراوە لەنووسینی هەمەجۆر لەسەر ئەو فڕۆکانە.

 هەر پرسیارێک لەجۆری ئەو پرسیارانەی دەکرێن کە: فرۆکەکان فڕۆکەی کوێن یاخود ئیشیان چیبووەو لەکوێوە هاتوون؟ لەڕاستیدا پرسیاری جدی یان کۆنکرێتی نییە.

بەپێچەوانەوە پرسیارەکە ئەوەیە: چۆن ئەم فڕۆکانە سنووری عێراقیان بڕیوەو گەشتوونەتە حەویجە؟

 لەدەرکەوتنی داعشەوە لەعێراق تاکو ئێستا ئەوە یەکەمجار نییە فڕۆکە بێناسنامەکان! لەئاسمانی عێراق دەبینرێت.

ڕۆژێکیش پێش هێرشی تیرۆریستان لە۲۱ ــ ۱۰ ــ ۲۰۱٦ بۆسەر کەرکوک، هەمان فڕۆکە لەناوچەی کەرکوک بینراو هەمان هەڵای دروستکرد کە فڕۆکەکە فڕۆکەی تورکیابووەو داعشی دابەزاندووە.

 لەڕاستیدا کاتێک ئەم چیرۆکانە دەبیستین، لەوە تێدەگەین ئەم خۆرهەڵاتە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی چی وڵاتێکی داماو و لاوازە لەبەرگریکردن لەسەروەری و سیادەی خۆی.

 بەزاندنی سنوری ئاسمانی و زەمینی عێراق لەلایەک بەفڕۆکەی نەناسراو و لەلایەکیتریشەوە بەهۆی سوپای تورکیاوە، هەمان سیگناڵە کە ئاستی لاوازی بڕیارو دەزگا ئەمنییەکانی عێراقمان بۆ بەیان دەکات.

مەترسی ئەمجۆرە ڕووداوانە لەوەدایە لەهەر چرکەیەکدا ئەگەری کارەساتی گەورە بۆسەر گەلانی عێراق هەیە.

 تورکیا بەبیانووی بەزاندنی سنور فڕۆکە ڕوسییەکەی خستەخوارەوە. بەڵام چ خۆشبڕواییەکە حەوت فڕۆکە لەنێوان کەرکوک و حەویجەدا بنیشێتەوەو بگوترێ ئەم فڕۆکانە نەناسراون؟

جگە لەوەش دەبێت بپرسرێت چ هێڵ و دەزگاو لایەنێک ئەم فڕۆکانەی ئاراستەکردووەو کێ جێگای نیشتنەوەکەی بۆ دیاریکردوون؟

 ئەوەی بۆ کورد گرنگە، کورد بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ کۆتایی جەنگی داعش بکات و ئاگاییانە مامەڵە لەگەڵ سیناریۆ ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانییەکاندا بکات. چونکە دوورنییە ئەم سیناریۆیش هەوڵێکیتر بێت بۆسەر کەرکوک و ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان.


ئەم بابەتە 102 جار بینراوە.