سیستم پێش دەوڵەت یان دوای دەوڵەت؟

حەکیم عەبدولکەریم
Jul 3, 2017

سیستم بۆخۆی پێکدێت لە دەزگاکان، ڕێکخراوەکان و گروپە کومەڵایەتیەکان بەجیاوازییەکانیانەوە. جا لەڕویی کومەڵایەتی، ئابوری ئاینی، کەلتوری  ھەروەھا لەگەڵ کۆمەڵێک یاسا و خوو و نەریت. 
لەگەڵ بونی پەیوەندیەکی دیالیکتیی کە چوارچێوە بۆ ژیانی مروڤەکان دیاری دەکات، پەیوەندییان بە دەوڵەتەوە. ھیچ سیستمێک بەتاڵ نیە لە ناکۆکی، بەواتایەکی دیکە ھیچ سازانێکی چالاک لەئارادانیە (توافق) کەپەیوەندی (سەرکەوتوو و  ژێرکەوتوو) ڕێکبخات بەبێ مەرجی ترس و ناچارکردن. وەک ئەوەی ماکس ڤێبەر باس لە مافی دەوڵەت دەکات لە بەکارھێنانی ھێز کەئەو بە شەرعی ناوی دەبات.

ئەم چوارچێوە دانانە بۆمروڤ لەناوسیستمی سیاسی واتای ئەوەیە کە چوونە ناوسیاسەت و بە شداری سیاسەت دەبێت بەگوێرەی ئەو پێگەیەبێت لەوبابەتانەی کە پەیوەندی بە بواری گشتیەوە ھەیە.
ئەم ھاتنە ناو کایەی سیاسەتە مانای ئەوە دێت کە تاک ئازادە لەڕووی سیاسیەوە، بەڵام بەمانای ڕەھایی نیە بۆ ئەم جۆرە لە بوون، وەک ئەکتەرێکی سیاسی یان قسەکەرێکی سیاسی لەناو ھەرسیستمێکدا کومەڵێک پێوەر ھەیە، کەماف بەتاک دەدات کەچۆن بڕواتە ناو کایە سیاسیەکان. تاک نابیت بەو شێوە کاربکات  وەک ئەوەی خوی لێی تێدەگات! بەڵکوو وەک ئاماژەمان پێکرد کومەڵێک پێوەر ھەیە لەحاڵەتی ھاوکاری راستەوخۆ،  یان ناراستەوخۆ لەگەڵ سیستم بەواتای سازان دێت  ئەگەر سیستم ستەمکار بێت ھەر ڕەتکردنەوەیەکی ھەماھەنگی و ھاوکاری لەگەڵیدا دەبێت ئامانج ھەوڵبێت بۆ دووبارە گەڕانەوەی ئەوسیستم بۆدۆخی باشی.

لەم دیدەوە ئەوە دەردەکەوێت کە لەناو سیستم دەبێت پەیوەندی نێوان سەرکردە و گۆڕانکارییە میژوویەکان پەیوەندیەکی دینامیکی بێت  بە بەردەوامی چونکە ھەردەرکەوتنێکی تازەی ئابووری و تەکنەلوژی کومەڵایەتی گۆڕان لە بیرکردنەوەی سیاسی و داڕشتنەوەی پەیوەندیە سیاسیەکان  دروست دەکات لەئەنجامی دەرکەوتنی چالاکی مرۆیی تازەوە،  کە خواست و ویستە کەسی و کۆمەڵایەتیەکان پێویستی بە داڕشتنەوەی  تازە لە بونیادی سیستم دەکات.

بەڵام گروپی ئولیگارشی کە حوکمڕانی دەکەن وە بەشێکن لە شکڵگیری سیستم ناتوان مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان بکەن بەتایبەت، کاتی کە پێکھاتەی کۆمەڵایەتی نوێ جۆرێ لە مەعریفە دەخەنە ناو کایەی بیرکردنەوەی سیاسی کە بازدانێکی mutation فیکری   لە بیرکردنەوە تازەی سیاسی دروست دەبێت، ئەمە سەر دەکێشێ بۆ ھەڵتەکانێک لەبیرکردنەوەی ئورگانیزەکراوی گروپی ئولیگارشی. 

لێرەوە ترس لە دەستدانی پێگەی مێژووی ئەوان دێتە بوون. ئەوکات ئەو دەستەی کە خۆی حوکمڕان و بەشێک لە سیستمە دەبێت بە ھوکاری لەرزینی سیستم و داھەڕوژانی وەک ئەوەی ئێستا لە ھەرێمی کوردستان بەدیدەکرێت کە ژەنگی ناکۆکیەکان لەھەرەمە سەرەکیەکانی سیستم  دەرکەوتووە، لێرەوە ئەرکی کارکردن بۆ پێشکەوتی سیاسی دەبێتە پێویستیەک کە ھەر باسکردنێک لەم بابەتە مانای گرنگی دان و سەیرکردنە بۆ سێ بنەما سەرەکیەکەی  سیستمی سیاسی  کە فرانسیس فوکو یاما بەم شێوەیە باسى لێوە دەکات:

دەوڵەت، لێرە دەتوانرێت ئەم یەکە گرنگە بەحکومەت ناوببەین بوبابەتەکە (ھەرێمی کوردستان) چونکە لەغیابی نەبونی دەوڵەت و دەستور حکومەت مامەڵەی دەوڵەتیش دەکات .

حوکمی یاسا، کەئەمە بۆخۆی جیاوازە لە دەستەواژەی حوکم بەیاسا. کاتێک لە حوکمڕانیەک حوکم بە یاسا تەنھا لە سەر ئەوانی تربێت و بەرپرسانی دواتر خۆیان لە دەرەوەی لێپرسینەوە دابن.

لێپرسینەوە، لەکردەیی سیاسی ناو سیستمی سیاسی بەتایبەت باس لە حوکومڕانیەک دەکەین کە بە ھەڵبژاردن دەزگاکانی دروست بوبێت،   سەرۆک جا سەرۆکی حکومەت بێت یان سەرۆکی دەوڵەت یا سەرۆکی پەرلەمان  وە ھەرپێگەیەکی سیاسی کە بە پرۆسەی ھەڵبژاردن ھاتبێت نابێت لە گۆڕانکاری ببەخشرێت،  تەنانەت لەم جۆرە سیستمانە  یاساکانیش دەگۆڕرێت یان ھەمواردەکرێت.

هەروەها جان جاک رۆسۆ لە گرێبەستی کۆمەڵایەتی باس لەوە دەکات کە ئەگەر گرێبەست یاسا بێت ئەوا یاسا خۆی ھەڵگری ناکۆکیە، بۆیە لایەنە دژبەرەکان کە خاڵی ناکۆکیان ھەبێت لەسەر شکلگرتنی دەزگاکانی دەوڵەت یان یاساکان، دەتوانن کار بۆ گۆڕینی بکەن، چونکە ئیرادەی گشتی بوونی ھەیە، چونکە گرێبەست بنەمای سیاسەت و قوڵایەکەیەتی.
لەساڵانی ڕابردووی حوکمڕانی ھەرێمی کوردستان ئەوەی غیابی ھەبووە لە پرۆسەی سیاسیدا، تەنھا دەستەواژەی گۆڕانکاری بووە  لە ھەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی. 
ئەگەر تەنھا سەیری پێگەی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ھەرێم بکرێت. دەبیین کەباسکردن لە و گۆڕانکارییانە یان باسکردن لە ھەموارکردن لە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم چۆن ئیفلیج بوونی کۆیی دامودەزگاکانی حوکمڕانی بەدوایی خویدا ھینا!.
ئەڵبەت ئەمەش پێچەوانەی ئەوەیە کەزۆربەی تیورە سیاسیەکان باس لەوەدەکەن کە دەرکەوتنی خەسڵەتی سیاسی مۆدێرن و ھەنگاونان بۆدەوڵەتی نویی و مەدەنی لە دوورکەوتنەوەی بازنەی حوکمڕانی دەسەڵاتدارانی حوکمڕانەوە دەبێت لە بازنەی خێڵەکی.
لەبەرئەوەی دەرچوون لەشێوازی حوکمی ئاینی  رێکخستنی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای بەڵێن دروست دەبێت. بەوەی لەلایەن ھەموو تاکێکەوە ئەو بەڵێنە بدرێت کەبەرژەوەندی گشتی بخرێتەسەر بەرژەوەندی تایبەت ئەم ھاوپەیماینەتە دەرئەنجامەکەی دانانی کەسێکە کە  وێنای کەسێکی گشتیە کەڕێ پێدراوە لێرەوە گرێبەست دێتە بوون کە سوێند و لایەنی یاسایی بەرقەرارە تییدا، بەڵام تاک تا ئەوشوێنە پابەندە کەزیاترین چاکە بەدەستبھێنی لە ناڕەحەتی لەدۆخی ژیاندا بۆیە تەنھا لەم حاڵەتە پاشگەز دەبێتەوە لە گرێبەست، چونکە ئیرادە ھەر ملکەچی و کەمزانینی خوود ڕەتدەکاتەوە.

لێرەوە کەمروڤ کەوتە دڵەڕاوکی لەبوونی مرۆیی خۆیی ئیدی ھەڵگەڕانەوە(التمرد)دروست دەبێت، ئەمەش مانای دژ بە دامودەزگاکان نیە بەقەدەر ئەوەی دژ بە ستم بێت، ھەتا ئەوکاتەی بیری ئەنارشیستی کاریگەری خۆیی لە ناو کومەڵدا جێگیر دەکا،ت نموونەی بوچونی باکۆنیەکان .

چونکە دەبێت ئەوە چاوەڕوان بکرێت لە ناوسیستمێکی سیاسی ھەمیشە دەربڕینی ناڕازیبوون ھەیە کە بە ھەڵگەڕانەوەی سیاسی ناودەبرێت، ئەم حاڵەتە کاتیە بەندە بە ھۆکارەکانی دروستبوونی وەک خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات، ستەم و مەحسوبیەت، کەچارەسەر نەبوونی دەم دەکێشێ بۆ شۆڕش و ناڕەزایەتی چەکداری.


ئەم بابەتە 172 جار بینراوە.