ئەمریکا حەوت بنکەى سەربازیى لەڕۆژئاواى کوردستان کردۆتەوە

Jul 6, 2017

چەند سەرچاوەیەکى کوردیى لەڕۆژئاواى کوردستان رایانگەیاند کە ئەمریکا ٧ بنکەى سەربازى و فڕۆکەخانەى لەناوچەکانى ژێر کۆنترۆڵى هێزەکانى سوریاى دیموکراتدا هەیە.

سیپان حەمۆ سەرکردە لە یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە) بەڕۆژنامەى (شەرق ئەوسەت)ى راگەیاندوە کە سوپاى ئەمریکا بنکەى سەربازى و فڕۆکەخانەى لە ٧ ناوچەى جیاوازى ژێر کۆنترۆڵى هێزەکانى سوریاى دیموکراتدا هەیە کە سەرجەمیان دەکەونە بەرى رۆژهەڵاتى رووبارى فورات، ناوبراو ئەوەشى وتووە کە دیارترین بنکەو فڕۆکەخانە لەو ٧ خاڵە، بنکەى کۆبانێ یە کە فڕۆکەخانەیەکى گەورەو پێشکەوتووى تێدا کردۆتەوە.

بەپێى ئەو زانیارییانەى دەستکەوتوون، ئەو ٧ بنکەیە بریتین لە دوو فڕۆکەخانە لەشارى حەسەکەو فڕۆکەخانەیەک لە قامیشلى و دوو بنکەو فڕۆکەخانەش لە شارى دێریک، هەروەها فڕۆکەخانەیەک لە کۆبانێ لەسەر سنورى تورکیا. هەروەک ئەمریکا نزیکەى ١٣٠٠ سەربازى لەشارى مەنبج لە دەشتى حەلەب جێگیر کردووە.

سەرەڕاى ئەو ٧ بنکەیە، ئەمریکا چەندین بنکەى ترى سەربازى لەسوریا هەیە، لەوانەش سەربازگەى (تەنەف) لە سنوورى عێراق – سوریا – ئوردون و هەروەها سەربازگەى زەقف لە باکورى تەنەف بەئاڕاستەى شارى ئەلبوکەمال، بەڵام لەئێستادا قسە لەسەر ئەوە دەکرێ کەئەمریکا ئەم سەربازگەیەى باکورى تەنەفى هەڵوەشاندۆتەوەو دەیەوێت بیکاتە بنکەیەکى گەورەو لەشارى شەدادى جێگرى بکات کەئەویش دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵى هێزەکانى سوریاى دیموکراتەوەو لەنزیک شارى دێرزورە.

سەرچاوە: شەرق ئەوسەت


ئەم بابەتە 273 جار بینراوە.