کات لەبەردەمی بارزانیدا ماوە

هۆشیار عەبدوڵا
Jul 7, 2017

ڕۆژی شەممە ، ٨ ێولێو ، وا بڕیارە یەکەم کۆبونەوەی ئەو لیژنەیە بکرێ کە بۆ ریفراندۆمە حزبیەکەی بارزانی پێکهێنراوە .

ئێستا بارزانی باش ئەزانێ کۆبونەوەکەی حەوتی حوزەیران بەڕادەیەک پوچ و بێ بناغە بو کە خەریکە ئەوەی لەسەری ڕۆنرا بو ئەڕوخێ و هەڵدەوەشێتەوە بە تایبەت ئەگەر لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵدا ، یەکێتی نێشتیمانیش نوێنەر بۆ کۆمیتەکە نەنێرێ ، خۆ ئەگەر یەکێتیش نوێنەر بنێرێ هێشتا ئەو هەنگاوەی بارزانی لەبەر دەیان هۆکاری بابەتی ئەنجامەکەی شکستە و هەرێم و خەڵک و خاکەکەی بەتایبەت لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم دەخاتە بەردەم مەترسی گەورەوە .

کاک مەسعود ئێستا لەوە تێگەیشتوە کە نەیتوانی ئەو هەنگاوە حزبی و شەخصیەی لە ناوخۆی هەرێمدا بەسەر هەمواندا بسەپێنێ ، باشیش ئەزانێ نەک هەر لایەنگرانی کۆمەڵ و گۆڕان بەڵکو زۆرینەی خەڵکی کوردستان بە لایەنگرانی حزبەکانی تر و حزبەکەی خۆشیەوە دڵنیان کە بڕیاردان لەو ڕیفراندۆمە بەو ئالیەت و شێوازە ، لەم کات و دۆخەی هەرێمدا کارێکی هەڵە بو ، هەربۆیە لوتکەی عینادی سیاسیە ئەگەر بارزانی پاشەکشە لەو هەنگاوە نامەدروسە هەڵە و پەلەیە نەکا .

لە ئێستادا بە خوێندنەوەی هاوکێشە ناوخۆیی و دەرەکیی بە تایبەت ئیقلیمیەکان باشترین هەنگاو بۆ بارزانی ئەوەیە لە کۆبونەوەکەی سبەینێیدا ریفراندۆم بۆ کاتێکی نادیار دوا بخات و هەر لەو کۆبونەوەیەدا ، بەسیفەتی سەرۆکی پارتی داوای کۆبونەوەیەکی فراوانی لایەنە سیاسیەکان بکات لە هەولێری پایتەخت بۆ گفتوگۆ و دانوستان بەمەبەستی دەرچون لەو چەقبەستوییە سیاسیەی لە هەرێمدا هەیە.

ژیان و موچەی خەڵک ،داهاتی نەوت ، خزمەتگوزاریەکان ، دامەزراندنی دینگەکانی سەربەخۆیی ، گێرانەوەی متمانە و شەرعیەت بۆ دامەزراوەکان ، هەمویان هەنگاوی گرنگی پێش ریفراندۆمن و لە هەمو ئەو هەنگاوانەشدا بارزانی و حزبەکەی دەتوانن وەک لایەنەکانی تر ڕۆڵ بگێرن، بەو مەرجەی دەستبەرداری کەڵکەڵە و ئەجێندای قۆرغکاری شەخصی و عائیلی و حزبی ببن، بە پێچەوانەوە بارزانی خۆی و حزبەکەی و هەرێمیش لە مەترسی شکستێکی گەورە نزیکدەکەنەوە .

ئەرکی هەموان بە تایبەتی حزبەکانە ، ڕێگە نەدەن هەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی چارەنوسێکی نادیار و مەترسیدار بکرێتەوە، ئەوەش تەنها بەوە دەبێت بە بارزانی و حزبەکەی بڵێن ، بوەستە .


ئەم بابەتە 132 جار بینراوە.