ئەردوگان:" ئەگەر ریفڕاندۆم لە باکورى عیراق بکرێت ئەوا پەشیمان دەبنەوە"

Jul 7, 2017

رەجەبە تەیب ئەردۆگان، سەرۆکى تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکدا، کە کەناڵى فرانس ٢٤ ى فەڕەنسى لەگەڵیدا ئەنجامیدا، وتى:" ئەگەر حکومەتى باکورى عیراق ریفڕادۆم ئەنجامبدەن ئەوا پەشیمان دەبنەوە".

ئەردۆگان وتیشى : "من باوەڕناکەم ئەوە کارێکى باش بێت. ئێمە بیروڕامان گۆڕیوەتەوە لەگەل حکومەتى باکورى عیراق. ئەگەر ئەو حکومەتە شتێکى وا بکات ئەوا پەشیمان دەبێتەوە. بارزانى و حکومەتى باکورى عیراق ساز و ئامادەنین بۆ ئەو مەبەستە. سەرەڕاى ئەوەش ئەوە دەبێتە هۆى هەڵوەشانەوەى عیراق، ئیمەیش دەمانەوێت پارێزگارى لە یەکێتى خاکى عیراق بکەین. ئەو هەنگاوە دەبێتە دابەشکردنى عیراق و دابەشبوونى تر لە داهاتوودا."

مانگى رابردوو، مەسعود بارزانى، لە کۆبوونەوەیەکیدا، کە لەگەڵ بەشێک لە حیزبەکانى کوردستان ئەنجامیدا، بڕیاریدا ٢٥ سێپتەمبەرى ٢٠١٧ ریفڕاندۆم لە هەرێمى کوردستان بۆ سەرۆبەخۆى هەرێم ئەنجامبدرێت، بەڵام هەریەکە لە بزووتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامى بەشداریان نەکرد لەو کۆبوونەوەیە. روونیش نییە تا ئێستا ئەو ریفڕاندۆمە لە ناوچەکانى دەرەوى ئیدارەى حکومەتى هەرێم دەکرێت یان نا، بەتایبەتیش لە کەرکوک. هەروەها ئەوە روون نییە ئەو ریفڕادۆمە بە شێوەیەکى رەسمى دەکرێت، واتا لە پەرلەمانەوە قانوونى بۆ دەربکرێت ئەمە لە کاتێکدایە ئەوە بۆ دوو ساڵ دەچێت دەرگاى ئەو پەرلەمانە لەلایەن پارتى دیموکراتى کوردستانەوە داخراوە، یان نا رەسمى. لەولایشەوە هەموو وڵاتانى دنیا دژایەتى خۆیان بۆ ئەو ریفڕادۆمە راگەیاندووە.
لەبارەى هێزە کوردییەکانیش لە باکورى سوریا، ئەردگان وتى: "ئەو گرووپانەى کە لەلایەن ئەمریکاوە هاوکارى دەکرێن، هەڕەشەن بۆ سەرئێمە، کە یەکەکەکانى پاراستنى گەل و پارتى یەکێتى دیموکراتى، من ئەوەم بۆ ترەمپ شیکردەوە. گرووپى یەکەم باڵى سیاسیى پەکەکەیە و گرووپى دووەمیش بریتییە لە باڵى سەربازى. ئەو گرووپەیش تیرۆرستن. "
ئەردۆگان نەشیشاردەوە کە نیگەرانن لە هاوکارى ئەمریکا بۆ کوردەکانى سوریا و وتى لەسەر ئەو پرسیارەى کە بیژەرەکە ئاراستەى کورد کە تورکیا ئامادەیە شەڕى هێزە کوردییەکان بکات؟ سەرۆکى تورکیا وتى : "لە ئێستادا هەر هەڕەشەیەک لەسەرمانبێت ئێمە بەرپەرچى دەدەینەوە بە هاوکارى هێزەکانى سوریا ى ئازاد."
ئەمە لەکاتێکدا کە ئەمریکا لە رووى سەربازیی و سیاسییەوە هاوکارى هێزە کوردییەکان دەکات ئەوەش نیگەرانى دەسەڵاتەکەى ئاردۆگانى لێکەوتووەتەوە.


ئەم بابەتە 138 جار بینراوە.