دواین زانیاری لەبارەی قەیرانی قەتەرەوە

Jul 12, 2017

ئەمریکاو قەتەر یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ لەناوبردنی سەرچاوەی دارایی تیرۆر ئیمزا دەکەن و میسریش داوا دەکات قەتەر لەھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بکرێتە دەرەوە.

محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی وەزیری دەرەوەی قەتەر لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ریکس تیلرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەسەردانەکەیدا بۆ قەتەر لەسەر چەند تەوەری گرنگ گفتوگۆی کردووە، بەتایبەتی دۆسێی تیرۆر لەخۆرھەڵاتی ناوەڕاست و چۆنێتی رووبەڕووبوونەوەیان.
وتیشی، لەو سەردانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا بۆ قەتەر، واشنتۆن و دەوحە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان ئیمزا کردووە بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی تیرۆریستان و ھەوڵدان بۆ لەناوبردنیان.
لەلایەکی تریشەوە حکومەتی میسر بەڕەسمی داوایەکی ئاراستەی ئەمریکا کردووەو رایگەیاندووە، بەو پێیەی ئەمریکا سەرۆکایەتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکات، قاھیرە بەرەسمی داوای لێدەکات قەتەر لەھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دوربخاتەوە ، چونکە ئەو وڵاتە پاڵپشتێکی سەرەکی زۆربەی گرووپە تیرۆریستییەکانە.

هاوکات تورکیاش ھێزی سەربازیی زیاتری رەوانەی دەوحە کرد.
لەوبارەیەوە ھێزە چەکدارەکانی قەتەر لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە: لەماوەی رۆژانی رابردوودا و بەپێی رێککەوتننامەیەکی پێشووی نێوان ئەنقەرەو دەوحە، سوپای تورکیا ھێزی زیاتری رەوانەی بنکەیەکی سەربازیی لە قەتەر کردووە.
بەوتەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی قەتەر رایگەیاند: کاروانی پێنجەمی سوپای تورکیا گەیشتۆتە قەتەڕ، بەمەبەستی بەشداری کردن لە مەشقێکی سەربازیی لەگەڵ سوپای ئەو وڵاتەدا.
گەیشتنی ھێزە سەربازییەکەی تورکیا بۆ دەوحە لەکاتێکدایە، کە ھەریەک لە سعودییەو ئیماڕات و بەحرێن و میسر، بەتۆمەتی ھاوکاری کردنی گروپە تیرۆریستییەکان و دەستوەردانی لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچەکەو کەنداو، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ قەتەڕپچڕاندووە.

 


ئەم بابەتە 178 جار بینراوە.