ئیتاڵیا روو له‌ "بژارده‌ی ئه‌تۆمی" ده‌كات بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی قه‌یرانی‌ كۆچبه‌ران

Jul 15, 2017

به‌رپرسانی ئیتاڵیا رایانگه‌یاند، پێده‌چێت ولاته‌كه‌یان ڤیزه‌ی شنگن بداته‌ 200 هه‌زار كۆچبه‌ری نایاسایی كه‌ له‌ وڵاته‌كه‌یدان، ئه‌وه‌ش به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی په‌نابه‌رانی ئه‌فریقا له‌و وڵاته‌.

به‌پێی رۆژنامه‌ی تایمزی به‌ریتانی، به‌رپرسانی ئیتاڵیا كار بو ده‌ركردنی ڤیزه‌ی كاتی ده‌كه‌ن بو كۆچبه‌ران كه‌ بتوانن سنوری وڵاتانی ئه‌وروپا تێپه‌رینن وه‌كو هه‌نگاوێك كه‌ به‌ "بژارده‌ی ئه‌تۆمی" ناو ده‌به‌ن، بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی كۆچبه‌ران.

باولو جینتیلونی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتاڵیا، له‌هه‌موو وڵاتانی ئه‌وروپا توڕه‌ بووه‌، چونكه‌ پێشوازییان له‌به‌شی خۆیان نه‌كردووه‌ له‌كۆچبه‌ران.

ئه‌مساڵ نزیكه‌ی‌ 86 هه‌زار كۆچبه‌ر گه‌یشتوونه‌ته‌ ئیتاڵیا، كه‌ زۆرینه‌یان له‌ رێگای لیبیاوه‌ گه‌یشتوونه‌ ئه‌و وڵاته‌و ژماره‌ی كۆچبه‌ران له‌ كامپی مانه‌وه‌یان، گه‌یشتووه‌ته‌ 200 هه‌زار كه‌س.

ماسیو توالدو راوێژكاری ئیتاڵی له‌ئه‌نجومه‌نی ئه‌وروپی بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر هاتنی كۆچبه‌ران به‌رده‌وامبێت، ئیتاڵیا ئه‌وكات بڕیار ده‌دات به‌پێدانی ڤیزه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی سنوره‌كان ئه‌وروپاو ئه‌گه‌ر ئیتاڵیا به‌ ته‌نیا بهێڵدرێت ئه‌وكات ده‌ستده‌داته‌ "بژارده‌ی ئه‌تۆمی".


ئەم بابەتە 127 جار بینراوە.