دواین زانیارییەکانی شەڕی داعش لەعێراق

Jul 19, 2017

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئاشکرای دەکات لەماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا بەھۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە لەعێراق و سوریا زیاتر لە ٥٠ تیرۆریست کوژراون، هاوکات هێزە ئەمنیەکانی عێراق رایانگەیاندووە لەناوچەی موسڵی کۆن توانیویانە 270 تیرۆرست دەستگیربکەن.

ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەراگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، لەماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا ٣١ ھێرشی ئاسمانییان لەدژی تیرۆریستانی داعش لەعیراق و سوریا ئەنجانداوەو بەھۆیەوە ٥١ تیرۆریست کوژراون و ٢٠ ئۆتۆمبیلیشیان سوتێنراوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ٢٢ ھێرشیان لە ناو خاکی سوریا ئەنجامدراوە و ١٧ ھێرشیش لە عێراق ئەنجامدراوە.

لەلایەکی ترەوە بەپێی ئامارێکی نوێ، ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لەناوچەی موسڵی کۆنی خۆرئاوای موسڵ ٢٧٠ تیرۆریستیان دەستگیرکردووە، کە ٢٠ لە دەستگیرکراوەکان، ژنی بیانی سەر بەگروپی تیرۆریستی داعشیان دەستگیرکردوە کە ٥ ژنیان ئەڵمانین.

بەوتەی سەرچاوەیەکی سەربازیی، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، ھەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینیان لە ناوچەی موسڵی کۆن ئەنجامداوەو بەھۆیەوە ٢٧٠ تیرۆریست دەستگیرکراون، کە ٢٠ لە دەستگیرکراوەکان، ژنن.

ھاوکات، چەند میدیایەکی ئەڵمانیا لەزاری ئەفسەرێکی سوپای عێراقەوە بڵاویانکردوە، ھێزە عێراقییەکان لەناو تونێلێکدا لە موسڵی کۆن ژمارەیەک ژنی بیانیان دەستگیرکردوە کە چەک و پشتوێنی بۆمبرێژکراویان پێبوە.

ئاماژەیان بەوەشکردوە، ژنە دەستگیرکراوەکان لەناو پۆلیسی داعشدا کاریان کردوەو لەنێوانیاندا خەڵکی تورکیا و روسیا و کەنەدا ھەیە.
بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەی ( فیلت)ی ئەڵمانی یەکێک لە دەستگیرکراوەکان ژنێکی ١٦ ساڵی ئەڵمانیە کەلە ویلایەتی سەکسۆنیا گەورە بوەو دوای تەواوکردنی خوێندن پەیوەندی بەداعشەوە کردوە لە موسڵ.


ئەم بابەتە 234 جار بینراوە.