ڕیفراندۆم واتای نەمانی متمانەی خەڵک بە حکومەت

حەکیم عەبدولکەریم
Jul 30, 2017

کە باس لە ڕیفراندۆم و فەلسەفەی پشت ئەم چەمکە دەکرێت واتە باسکردنە لە دیموکراتییەتی ڕاستەوخۆ، کە کەلتوری دیموکراسی یۆنانی کۆنە کە لە دەوڵەت شارەکانی یۆناندا پیادە دەکرا خەڵک بەشدار دەبوو لە بریاردان لە پرسە گشتییەکان.
ئەمڕۆ لە کوردستان ڕیفراندۆم بووە بە ڕۆژەفی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بە داخەوە لەبەر ئەوەی کە میلەتی ئێمە لە سەرەتای چونە ناو پرۆسەی دیموکراتی بە مانا قوڵەکەی ئەڵبەت ئاساییە بۆ زۆرینەی خەڵکەکە شارەزای تەواوی نەبێت لەسەر مانا و فەلسەفەی (ڕیفراندۆم) لەبەر چەند ھۆکارێک لەوانە وەک باسمکرد ھەژاریمان بۆ بیری سیاسی و فەلسەفەی سیاسی، دواتریش نەبونی ھۆشیاری تەواو لەسەر چەمکەکانی بواری سیاسەت کە ھۆکاری غیابی دەستور و یاسای ڕیفراندۆمە.

(ڕیفراندۆم) لەوکاتەوە گرنگی دەبێت و دەستی بۆ دەبرێت وەک ڕێکارێکی دیموکراسی کە خەڵک بێ ئومێد بونێک ڕووبەڕووی دەبێتەوە لە چارەسەر بۆ پرسگەلێک کە ناتوانرێ لە ڕێگە باوەکانی دیکەی دیموکراسیەوە وەک پەرلەمان و حکومەت ئیدی خەڵک بە گومانەوە سەیری حکومەت دەکەن بۆ چارەسەرکردن لەسەر بنەما و پێوەرەکانی دیموکراسیەت لە وڵاتدا، بە واتایەکی دیکە ڕیفراندۆم واتای گەڕانەوەیە بۆ ئەو متمانە سروشتییەیى کە ڕای خەڵک لەسەر ئەو پرسانەی کە حکومەت و دەزگا بیروکراتییەکانی دەوڵەت ناتوانن یەکلاکەرەوەیەکی عادیلانە بن.

واتا ناتوانن دور لە بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری و ئیتنیکی و ئاینی بڕیار بدەن، بۆیە لەگەڵ باسکردن لە ڕیفراندۆم واتای ھاتنە ئارای دەنگی خەڵکە نەک بڕیاردان لە حکومەت و حیزب، بێگومان لە دۆخێکی لەم جۆرەدا ئەوەی ئاساییە بوونی جیاوازی لە ڕاو بۆچون بۆ یەکلاکردنەوەی بابەتی ڕۆژەڤ، چونکە دەستبردن بۆ ڕیفراندۆم واتای بونی ڕای جیاواز لەناو ناوەندە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و خەڵک وەک پێویست بوون بۆ ڕیفراندۆم بۆ یەکلاکردنەوەی دادپەروەرانەی خواستی خەڵکە، ئیدی ڕیفراندۆم لە مانا فەلسەفە قوڵەکەی کورت دەبێتەوە بۆ دوو وشەی (بەڵێ و نەخێر) کە سەنگی ئەم بەڵێ و نەخێرە سەنگی میلەتێک یان ھەرێمێک بۆخۆی وەردەگرێت، خۆ ئەگەر دەرکردن بەم دابەشبونە نەبێت لەناو کۆمەڵدا بۆ پرسێک کە یەکلابێتەوە پشێوی سیاسی و کۆمەڵایەتی لێنەکەوێتەوە ئەوە ھیچ پاساوێک بۆ ڕاپرسی مانایەکی نابێت.

ئەگەر سەیری مێژووی تازەی میلەتەکان بکرێت ئەوە زۆرێک لە نەتەوە و دەوڵەتەکان دەستیان بۆ ئەم پرسە بردووە لە زۆر شوێن بووە بە مژدەھێنی ئاشتی و پێکەوە ژیان بۆ میلەتەکان، لە زۆر شوێنێک نەھامەتی برسیەتی و شەڕ نمونەی سویسرا و باشوری سودان، ئەڵبەت ھۆکاری باشی بۆ سویسرا و خراپی بۆ باشوری سودان تەنھا ڕۆشنبیری سیاسی و کەلتوری قبوڵکردنی یەکترە لە سودان غایب و وە لە سویسرا بونی ھەیە.

بە درێژایی کاری سیاسی و بواری سیاسی ململانێ ھەبووە لە نێوان ئاڕاستەی گەڕانەوە بۆ خەڵک یان بڕیاردان لە نێو خودی دەزگا ھەڵبژێردراوەکان وەک(پەرلەمان) گەر سەیری ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بکەین دەبینین بە نمونەی ھەریەک (جون ئادمز و جیمس مادیسۆن) دەنگدانی ڕاستەوحۆ واتا ڕیفراندۆم بە دروست دەزانن، بەڵام ھەریەک لە (بنیامین فرانکلین)و (تۆماس جیفرسۆن)پێیان وایە حوکمی حەکیم گەڕانەوەیە بۆ ڕای نوێنەران واتا (پەرلەمان) گرینگی باسەکە ئەوەیە ھەردوو لا مەبەستیان دۆزینەوەی ڕێگەی دروستە بۆ ژیانی سیاسی وە سەنگەربەندی بۆ تەخوین و بە جاشبون نیە.

بەڵام کاتێک باس لە ڕیفراندۆم دەکرێت لە ھەرێمی کوردستان لە دۆخێکی قەیرانی سیاسی و ئابوری و غیابی یاسای ڕیفراندۆم و نەبونی دەستور، ئەوە ئەو بۆچونە پشتڕاست دەکاتەوە کە لە غیابی متمانە لە حکومەت دەستبردن بۆ ڕیفراندۆم دروستە، باشە حکومەتێک لە دەرەوەی ھەموو پێوەرە یاساییەکان بانگەشە بۆ پرسێکی لەم جۆرە بکرێت دەبێت چ چاوەڕوانیەکی پۆزەتفی لێبکرێت، لە کاتێکدا حکومەتی حیزبی خۆی بڕیار بدات و دواتر خۆی چاودێر بێت و ھەر خۆشی مافی ئەوەی دابێت بەخۆی پێش وەخت کە دەنگی نەخێر دەڕواتە خانەی خیانەت! چ مانایەکی لۆجیکی دەدات بەدەستەوە کە لەناو خەیاڵدانی سیاسی بانگەشەکارانی ڕیفراندۆم تەسفیە حساب و قۆرخکاری چەمک نەبێت ھیچ شتێکی دڵسۆزی نابینرێت.
لە کاتێکدا دەبێت لەسەر نەخشەی چاوەڕوانکراوی پاش ڕیفراندۆم دەنگی بەڵێ و نەخێر لەبەر دیدی ھەمووان بێت بە ڕۆحی وەرزشی دەرەنجامی قبوڵکراو بێت.

نە دەنگی نەخێر خیانەتە نە بەڵێ نیشتیمان پەروەری عەیارە بیستویەکە، بەڵکو ئەوەی ھەیە سەیرکردنە بۆ بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی دور لە موزایەدە.


ئەم بابەتە 142 جار بینراوە.