بۆ گۆڕان

Jul 19, 2017

سه‌ردار عه‌زیز

بزوتنەوەی گۆڕان بە قۆناغێکی نائاساییدا تێدەپەڕێت لە چەندین ئاستدا، ئاستی ناوخۆیی، ئاستی هەرێمی و ئاستی نێودەوڵەتی.

ئێستا دەبینین کە سیاسەتی خۆ سەپاندنی پارتی بەرەو بن بەست دەچێت، دەبێت گۆڕان خۆی وەک ئەڵتەرناتیڤ پێشان بدات. بەم پێیە بزوتنەوەی گۆڕان لە هێزێکی جەماوەریەوە دەبێت بگوێزێتەوە بۆ رێکخەری جەماوەر بۆ گۆڕانکاری. بۆیە ئەرکی بزوتنەوەی گۆڕان هەمان ئەرکی خەڵك نیە، بەڵکو بەرجەستەکردنی خواستی خەڵکە. کاتێک خەڵك نارازییە، ئەوەندە بەس نیە کە گۆرانیش ناڕازی بێت، بەڵکو ئیشی گۆڕان ئەوەیە کە چۆن ئەم نارەزاییە، بەرجەستە بکات بۆ گۆرانکاری لە سەر ئەزری واقیع. بۆ ئەمە دەبێت هەموو سەرچاوەکانی هێز دەستنیشان بکرێت و رێکبخرێت.
داڕشتنی ئەم پەیوەندیە پەیوەندی هەیە لە سەر چۆنێتی گۆڕان و چۆنێتی مامەڵەی لە گەڵ واقیعدا. ئێستا لە کوردستان گۆڕان تاکە هێزە کە هێزی لە جەماوەرەوەیە، ئەم سەرچاوە شەرعیەی هێز، دەبێت ڕاستەوخۆ ڕەنگبداتەوە لە سەر شێوازی حوکمڕانی لە کوردستاندا.
لێرەدا چەند دیدێکم هەیە:
یەکەم لە ئاستی ناوخۆدا، دەبێت گۆڕان وەها خۆی ببینێت کە چۆن دابڕیت، جیاوازبێت، نەک درێژەپێدەربێت، مۆدێڵی کۆنی دەسەڵاتی کوردی. ئەم شوناسی گۆڕانە. ناکرێت لە ئەوانی تر بچێت و داوای گۆڕانکاری بکەیت. هەموو هەوڵەکانی هێزەکانی تر ئەوەیە کە گۆڕانیش وەک خۆیان لێبکەن.
دوو، ئاساییە لە هەناو گۆڕاندا کێبڕکێ هەبێت، بەڵام نەک بۆ ئامانجی سەنگەرگرتن بەڵکو بۆ سەرکەوتنی بەهێز، دیارە ڕوونە ئەم پرۆسەیە لە هێچ کوێی دونیا هێندە بە ئاسانی بەڕێوەناچێت. ئەندامی گۆڕان دەبێت ئەوە بزانێت، کە چۆن لە ناو چوارچێوەی گۆراندا ململانێ بکات. چونکە هەرململانێیەک ببێتە هۆکاری لاوازبوونی چوارچێوەکە، لە ئەنجامدا ڕاستەوخۆ دەبێت هۆی لاوازبوونی کەسەکان. بۆیە ئەگەر لە گەڵ رکەبەرێکی ناوخۆییدا لە ملمملانێدابووی، سەرکەوتنت بوو بە هۆی لاوازبوونی گۆڕان ئەوا نەک براوە نیت بەڵکو خۆت لاوازکردوە. بۆیە بە ڕوونی دەبێت ململانێ سنورێکی هەبێت، کە نەبێتە هۆکاری لاوازبوونی بزوتنەوەکە. 
ئاساییە کە هەڵۆ و کۆتر هەبێت، بەڵام دەبێت میکانیزمێک لە نێوان ئەم دوانەدا هەبێت کە هەڵو پێشهەنگی بکات و کۆترەکان لە دوایەوە دەستکەوتەکان بچنەوە. 
سێ، گۆڕان دەبێت دوو بوار بە هێند وەربگرێت: بوونی ناوەندێکی بڕیاری ڕوون، لە گەڵ توانای خێرایی بڕیاردان. هەردوو دڵنیایی لە بڕیار و خێرایی لە هەرە پێداویستیەکانی ئەم ڕۆژگارەی کوردستانن. ئەمەش بە بوونی میکانیزمێک دێت کە توانی لە خۆگرتن و نوێبونەوەی هەبێت.
چوار، دەبێت گۆڕان قۆناغی ڕەخنە تێپەڕێنێت، ببێتە خاوەن دید و ئاگایی و ئایدەلۆژیای خۆی بۆچۆنێتی حوکمرانی لە کوردستان. تەنها بە گواستنەوە بۆ ئەم قۆناغە گۆڕان دەتوانێت توانای دەستپێشخەریکردن بە دەست بهێنێتەوە، لە بڕی دیدی ڕەخنە. ڕەخنە پیویستە بەڵام هەموو شتێک نیە. لە ڕاستیدا ڕەخنە دووەمی وپەسیڤە لە زۆرجاردا. هەروەها دیدێکی ئیسلاحی پێوەیە. 
پێنج، گۆڕان دەبێت بکرێتەوە بە سەر کوردستان و ناوچەکە و دونیادا. لەم بوارەدا بوار و دەرفەت و پانتاییەکی زۆر هەیە کە گۆڕان دەتوانێت سودیان لێ ببینێت و بە ئاسانی دەتوانێت جێگەی خۆی تیادا بکاتەوە، بە تایبەت لە وڵاتانی دیموکراتی و خاوەن سیسەتەمدا. ئەمە پیویستی بە وەرچەرخان هەیە لە فەلسەفەی گۆڕاندا لە پەیوەندی بە دیپلۆماسی.
شەش، گۆران دەبێت پەیوەندیەکی ستراتیژی و سیمبولی لە گەڵ نەوشیروان مستەفادا دابڕێژێت. هەرجۆرە پەیوەندیەکی تر دەبێت زیان بۆ هەردوولا.

 
 


ئەم بابەتە 73 جار بینراوە.