کرێکارانی کارگەی نانە قەیسی مان دەگرن..!

Jul 20, 2017

سەردار مەحمو

تەجرەبەکانی ڕۆژگار...

+ لە بیرم دێت، لە کارگەیەکی بڕینی بەرد لە بەغدا کرێکار بووین. هاوڕێ ئیسلامیەکەم ئەلف و بێی لە بارەی ئیبن عەرەبیەوە نەدەزانی، جنێوی پێ دەدا و تەکفیری دەکرد. منیش دوو نامیلکەی تەرجومەی مەرحومی ( عومەر تۆفیق)م خوێندبوەوە خۆمم لێ ببو بە ئانیشتاین و باسی قوڵایی گەردونم بۆ هاوڕێکانم دەکرد ، لە کاتێکدا تا بەغداد جەدیدە بڕۆشتمایە نەمدەزانی بێمەوە بۆ مەعمەلەکە..!
.
+ ساڵی ١٩٩٠ لە ئەبوغڕێب لە هەمان گارگەدا ئیشمان دەکرد، هاوڕێ ئیسلامیەکەم. ئەو وێنانەی( گوڵبەدین حیکمەتیار و بورهانەدینی ڕەبانی و جەناراڵ سەیاف)ی بە پشت سەریدا هەڵواسسیبوو کە بەمەقەست لە لاپەڕەی گۆڤارەکانی کردبوەوە ، منیش لە ڕقی ئەو، وێنەیەکی گەورەی (دکتۆر نەجیب اللە) م بە پشت سەرمدا هەڵواسیبوو ...
ئەرێ ئەو دڵە ناسکانەی ئێمە، بۆ وا تژی بوون لە ڕق و ئەو خوێنڕێژانەی ئیسلامی و شیوعیمان کردبوو بە پەیکەری موقەدەس ؟!
من و هاوڕێکەم ڕۆژگار ئاقڵی کردین ...
ئەگەر ئەمجارە بیبینمەوە، من بەرماڵەکە بۆ ئەو ڕادەخەم، گومانم نیە ئیستا بەلای ئەویشەوە ئاساییە پێکێك شەرابی عەقیقی بۆ من تێبکات و بڵێت: نۆشی گیانت برای دینی ..!
.
+ لە ساڵی ١٩٩١ وە ، پارتیەکان هاواریانە : بەرزانی - بەرزانی ..!
من دڵنیام . نیو ئەوەندە بیانوتایە (هەرزانی - هەرزانی) 
نە - نرخی شت و مەک ئاوا دەفڕی و نە - ئینتیمای نیشتیمانی ئاوا دەنیشتەوە !
.
+ ساڵانێکی زۆرە ، هەم مام جەلال و هەم تەواوی یەکێتی یەکان، سەری زمان و بنی زمانیان، هەر باسی ( یەکێتی ناو یەکێتی یە) ...
کوێرایم دایە بۆ ئەوبەدبەختیە، ئەوەی یەکێتی نەیبینی و قەتیش نایبینێت. یەکێتی یە !
.
+ لەو ڕۆژەوەی بزوتنەوەی گۆڕانمان ڕاگەیاندوە، هەموو هەوادار و بێ هەواکانی بزوتنەوەکەمان، هەر هاوارمانە: دەیگۆڕین ..دەیگۆڕین ...
من گومانم نیە، ئەو ملیۆنە هەوادار و دەنگدەرەی گۆڕان ، بەس هەوڵی گۆڕینی خۆمانمان بدایە، دەسەڵات بە بێ هاواری ئێمە ناچارانە خۆی دەگۆڕی ..!
.
قورعان بە حەقت، دوژمنایەتیەکە وا خەست بوەتەوە، ئەگەر ئێستا دەسەڵات بڵێ دەیگۆڕین...
ئێمە ئۆتۆماتیك دەڵێن: نایگۆڕین - نایگۆڕین ..!
.
+ لە ئەڵمانیا، تەنیا کۆمپانیای بەرهەم هێنانی ئۆتۆمبیل و ماتۆڕەکانی (BMW) 
(106000) کرێکاری هەیە، ئەگەر ئەوکرێکارانە مان بگرن ، دەقەی ملیۆنان ئیرۆ، زیان بەو کارگەیە و ئابوری ئەڵمانیا دەگات.
ئەم کرێکارانە لە خراپترین حاڵدا، مان بۆ ئەوە دەگرن حەق دەستیان زیاد بکات و زەریبە کەم بدەن...
مەخلوقێکی کورد دەناسم لەو وڵاتەدا، ساڵەهای ساڵە، بارێکی قورس و ئیش نەکەر و سۆشیالخۆرە لەسەر ئەو وڵاتە . کەچی لە واڵی فەیسبوکەکەی نوسیویەتی: بڕوخێ حکومەتی سەرمایەداری ئەڵمان ...! 
نانەکەی سوێرە - ئەڵمانیا ...هههه
.
+ ساڵی ١٩٩١- نە ئیش هەبوو نە میش...
کۆمۆنیستەکانی لای خۆمان لە جەریدەکەیاندا دەیان نووسی:
کرێکارانی کارگەی نانە قەیسی مانیان گرت ..
ئاخر مەعمەلی نانە قەیسی دوو خزمی بەسە، ئیشی تیا بکات !
کۆمەنیستەکان ئەو نەگبەتانەیان هاندەدا، و مان بگرن ... 
خاوەن کاریش توڕە دەبوو، هەردوو ئامۆزا مانگرتوەکەی خۆی دەردەکردو دوو پورزای خۆی دەهێنا ..
ئەزقەزا، شەڕی مەعمەل تەواو دەبوو ، شەڕەکە دەگوازرایەوە بۆ ماڵەوە...
دایک و باوکی خاوەن کارگە لەسەر برازاو خوشکەزا دەبوو بەشەڕیان..!
.
کرێگارانی کارگەی نانە قەیسی . مان بگرن ...!


ئەم بابەتە 288 جار بینراوە.