پاریس: کۆبونەوەى ماکرۆن و ترەمپ

Jul 13, 2017

ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا لەسەر بانگهێشتى ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکى فەڕەنسا، گەیشتە فەڕەنسا بۆ بەشدارى کردن لە رۆژى نیشتمانى فەڕەنسا ١٤ ى تەمووز. 

لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا کە لە کۆشکى کۆمارى فەڕەنسا، ئێلیزێ، بەڕێوەچوو، هەردوو سەرۆک چەند دۆسییەیەکیان تاوتوێ کرد، گرنگترینشیان بریتییە لە دۆسییەى سوریا و رێککەوتنامەى کەش و هەوا، کە لە پاریس ئیمزاکرا و دواتر ترەمپ کشانەوەى وڵاتەکەى لەو رێککەوتنە راگەیاند.
بە وتەى ترەمپ پەیوندەییەکانى نێوان هەردوو وڵات "پتەوە".
ترەمپ وتى:" لە گفتوگۆکانماندا تەئکیدمان کردووەتەوە لەسەر هەوڵە هاوبەشەکانمان بۆ لە ناوبردنى تیرۆر لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەفریقا".
لەبارەى کشانەوە لە رێککەوتننامەى ژینگەیش، سەرۆکى ئەمریکا وتى: "ئەوە شتێک بوو دەبێ روویبدایە"، ئەم سەردانەى ترەمپ دواى شەش هەفتە دێت کە ترەمپ کشانەوەى وڵاتەکەى لەو رێککەوتننامەیە راگەیاند، کە لە ساڵى ٢٠١٥ لە پاریس ئیمزا کرا.
پێشتریش، سەرۆکى فەڕەنسا، وتبووى کە ئەوان رێز لە بڕیارەکەى ئەمریکا ئەگرن بەڵام خۆیان پاپەندن بە رێککەوتنامەکەوە.
سەرۆکى فەڕەنسا تەئکیدى کردەوە لەسەر پتەویى لە مێژینەى پەیوەندییەکانى نیوان هەردوو وڵات.
لە بارەى دۆسییەى سوریاشەوە ترەمپ وتى :"لە رێگەى گفتوگۆوە لە ناوچەیەکى سوریا ئاگربەستمان راگەیاندووە و لەو بارەیەشەوە لەگەڵ ڤلادمیر پۆتین سەرۆکى رووسیا وتووێژمانکردووە، ئەگەر ئەوە سەرکەوتووبێت ئەوە دەبێتەمایەى ئەوەى جارێکى تر شەر لە سوریا سەرهەڵناداتەوە."

 


ئەم بابەتە 150 جار بینراوە.